قوتابیەک بە دئالان وەزیری پەروەردەی گوتووە ئەمە (( ئیشی تۆش نیە))


چیرۆکی گەورەیی مامۆستایەک و وەفای قوتابیەکەی : ئاڵامیدیا...ئەم بابەتە لەوالی دئالان وەزیری پەروەردە وەرگیراوە ئەمڕۆ لەڕێگەی وەتس ئاپەوە خوشکێکی بەڕێز نامەی بۆناردم ، وتی (( ئیشی تۆش نیە بەڵام زۆر دەمێکە دەمەوێت مامۆستایەکم ببینمەوە پاداشتی بدەمەوە ، پێش سی ( ٣٠ ) ساڵ ، لە ساڵی ١٩٩٦ من لە قوتابخانەی هەڵەبجە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم لە دارەتوو لە ( هەولێر) ، خۆم کەرکوکیم و ئیستا ماستەری یاسا دەخوێنم ، باوکم شەهید ببوو لەڕاپەڕینەکە ، دۆخی داراییمان زۆر خراپ بوو ، باران بوو جلوبەرگی پێویستم نەبوو ، مامۆستای کوردیمان کەناوی ست ( فەهیمە) بوو لێی پرسیم باوکت ئیشی چیە ؟ پێم وت باوکم شەهیدە و دۆخی ژیانمان خراپە بۆیە قەمسەڵە یان چاکەتم نیە لەبەری بکەم ، وتی بۆ سبەی ست فەهیمە جلوبەرگ و پێلاوی زۆری بۆ هێنام کە هەرگیز لەیادی ناکەم ، زۆر ئاگای لێمان بوو، من ئێستا گەورەبووم و دۆخی دارایم باشە هەموو ئومێدم ئەوەیە بیبینمەوە و پاداشتی گەورەیی و باشیەکەی بدەمەوە )) کە ئەو پەرۆشی و وەفایەم دی بڕیارمدا هەموو هەوڵی بۆ بدەم و ئیشی من نیە بەڵام دەیکەم بەئیشی خۆم ، پەیوەندیم کرد بە مامۆستا سابیر بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە کە ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە سنووری ئەوان ، یەکەمجار وتی قوتابخانەکە ئەو ئەوەلیاتەی لەبەردەست نیە و مامۆستا نوێیەکان ئەو مامۆستا فەهیمەیە ناناسنەوە ، وتم هەوڵی زیاترم بۆ بدە قوتابی ناوی مامۆستاکەی لەیاد ناکات ، پاش چەند خولەکێکی دیکە وێنەی مامۆستا فەهیمە و ژمارە تەلەفۆنەکەشی بۆناردم ، کەناردمەوە بۆ قوتابیەکەی سی ساڵ پێش ئیستا ، لە خۆشیدا وتی چاوم پڕ فرمێسک بووە. . ئەمە گەورەیی و میهرەبانی مامۆستایە ، ئەوەش وەفای قوتابیەکە کە هەرچەند کات و ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بێت چاکەی بیرناچێتەوە . منیش لە وەزارەت بڕیارمدا مامۆستا فەهیمە بانگهێشت بکەم و خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ بکەم و پێی بڵێم بەو ئاکارەت خۆت قوتابخانەیەک بووی لە باشی و فەزیلەت.


ئه‌م بابه‌ته 624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:48:11/01/2026