فەرەنسا بە فەرمی بارزانیی بانگهێشتی پاریس کرد


 بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکەیان کرد و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی ڕۆڵی  بارزانی کرد لە یەكخستنی هەوڵەكان و لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە  ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كرد.

(ئاڵامیدیا)

لە دیدارەكەدا، کە پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و یان برێم كونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ پێشوازی و هەروەها وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا، سەرۆك بارزانیی وەك ئەندازیاری ئەو دۆستایەتییە وەسف كرد. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەرەنسای كرد كە هەمیشە لە كاتی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێویستیی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم لە زووترین كات، خرایە بەرباس و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها بارودۆخی ناوچەكە و سووریا كرا.

پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و داهاتووی كورد لەو وڵاتە جەخت لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا كرایەوە و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەكخستنی هەوڵەكان و لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو.

لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی توركیا، سەرۆك بارزانی، هەنگاو و هەوڵەكانی بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە توركیای بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادە و پشتیوانی هەموو هەوڵێكە كە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بگەیێنێتە ئەنجام.

لە كۆتایی ئەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە فەرمی بانگهێشتی  بارزانیی كرد بۆ سەردانی پاریس و ئامادەبوون لە مەراسیمی پەردەلادان لەو شوێنەی كە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە یەكێك لە پاركەكانی پاریس، دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، یان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیشتە هەرێمی کوردستان.

هەر یەکە لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و  فەلاح مستەفا ڕاوێژکاری باڵا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازیی لێ کرا.




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:01:24/04/2025