بەپەلە شارۆچکەیه‌ك بێ کارەبا دەبێت

‌


زانيارداقوقي :ئالآميديا 
ڕاپۆرتی بەپەلە
قەزای داقوق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕووبەڕووی گرفتی خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێتەوە. بەهۆی داڕمانی دوو بورجی سەرەکیی گواستنەوەی وزە، ماوەی دوو ڕۆژە تەواوی قەزاکە بە تەواوی بێ کارەبای نیشتمانییە. ئەم بڕانە لەم وەرزی زستان و سەرما و سۆڵەیەدا، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی توندی لای هاووڵاتیانی داقوق لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت کە نەبوونی کارەبا بووەتە هۆی پەککەوتنی ئامێرەکانی گەرمکردنەوەی ئاو و ماڵان، ئەمەش خەڵکەکەی بە تەواوی تووڕە کردووە.

کارەبای کەرکووک: کۆمپانیای گواستنەوە لەسەر هێڵە
سەبارەت بە هۆکار و هەوڵەکانی چارەسەرکردن، "ئاڵا میدیا" پەیوەندی بە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای کەرکووکەوە کرد. ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند:
"هۆکاری سەرەکیی کێشەکە داڕمانی ئەو دوو بورجە بووە، لە ئێستاشدا تیمەکانی کۆمپانیای گواستنەوەی وزەی کارەبا بە شێوەیەکی مەیدانی و چڕ سەرقاڵی چاککردنەوە و ڕاستکردنەوەی بورجە ڕووخاوەکانن تا لە زووترین کاتدا وزە بگوازنەوە."

قایمقامی داقوق: تا یەک کاتژمێری تر کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
لەلایەکی ترەوە، عەدنان حوسێن ساڵەیی، قایمقامی قەزای داقوق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ئاڵا میدیا" مژدەی کۆتاییهاتنی قەیرانەکەی دا و ڕایگەیاند:
"ئێمە وەک ئیدارەی قەزاکە لە نێزیکەوە لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو لەسەر هێڵین و سەرقاڵی تەواوکردنی قۆناغی کۆتایی چاککردنی ئەو بورجانەین."
قایمقامی داقوق دڵنیایی دایە دانیشتووانی ناوچەکە و گوتی: "هاووڵاتیانی بەڕێزی داقوق ئاگادار دەکەینەوە کە پێویست بە نیگەرانی ناکات؛ تەنها یەک کاژێری دیکە (کاتژمێرێکی تر) کارەبای نیشتمانی دەگەڕێتەوە بۆ قەزاکە و دۆخی دابەشکردنی کارەبا بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:49:07/11/2026